نەریمان بابان:سیاسەتی سیاسییەكانی ئەمڕۆی وڵاتەكەم شكستی بە خەونی شەهید و شۆڕشگێڕە راستەقینەكان و ئایندەی میللەتەكەم هێناوە.- دیمانە: رزگار رەزا چوچانی


رزگار رەزا چوچانی

13-03-09
ژماره‌ی خوێنه‌ران 100
ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ
رزگار رەزا چوچانی
 

هونەرى بێ پەیام، وەك یەكێك لە ماددە هۆشبەرەكان هۆیەكە بۆ لەبیر بردنەوەی ژیان و بەردەوام بونی ئینسان، هۆیەكە بۆ لەبیربردنەوەی نیشتیمان بۆ كوشتنی بیركردنەوەی گەنج لە ئاست ئەو هەموو ناعەدالەتییە.

گەنجێك هەموو خەمی ببێتە دابنكردنی بژێوی ژیان و تەواوكردنی خوێندن و دواتریش دانەمەزاراندن و بێكاری بەرۆك بەژیانی بگرێت و ناچار بە نەفرەتكردنی لە نیشتیمان بكات و بەرەو تاراوگە هەڵى بفڕێنێت، چۆن دەتوانێ بیر لە عەشقێكی جدی بكاتەوە؟ چۆن لەنێو ئەو هەموو ئازارەدا ناخنكێ ؟

دیمانە: رزگار رەزا چوچانی - سويد

نەریمان بابان كە بەهونەرمەندێكی جدی ناسراوە ماوەیەكی زۆرە لەدەرەوەی وڵات دەژی، بەردەوام لە بەرهەمەكانیدا باسكردن لە سیاسەت و بونی پەیامێك دەبینرێت، لە وەڵامی چەند پرسیارێكدا،جگە لە قسەكردن لەبارەی پەیامداری و بێ پەیامی هونەر، تیڕوانینەكانیش لەبارەی سیاسەتی ئەمرۆی كوردستان دەخاتە روو.

*بە پرسیارە سادەكان دەست پێ بكەین نەریمان بابان چ پێناسەیەكی بۆ گۆرانی هەیە؟

- گۆرانی جوانترین هەستە، كە هونەرمەند لە ڕیگایەوە دەتوانێت خەو و خەیاڵ و ئازارەكانی بەدونیا بگەیەنێت، بەبێ گۆێدانە سنور گۆرانی لای من واتا فڕین بۆ ئاسمانێكی دور لە چەوسانەوە و ستەم، من پێم وایە گۆرانی مینبەری دەنگە كپكراوەكانە، گۆرانی دەبێت گەیەنەری ئەو دەنگانە بێت كە بەهەر هۆیەكەوە بێت، لە ناخی مرۆڤەكاندا پەنگیان خواردۆتەوە توانی دەربڕینیان نییە، دەبێت گۆرانی لەزۆر كات پیشاندەربێت، ئەوەش راستەوخۆ هونەرمەند دەكاتە نوێنەری گەیاندنی ئەو دەنگ و خەمانە و دەبێت هونەرمەندیش لە ئاست بەڕێوەبردنی ئەو نوێنەرایەتییە بێت كە گۆرانی وتن پێی دەبەخشێت و توانای گەیاندن و دەربڕینیانی هەبێت.

بەبڕوای تۆ گۆرانی دەبێت پێشەنگ و ڕێنیشاندەری تێدا ببینرێت، یان لەگەڵ رۆژ و بەپێی تێگەشتنی ئەمرۆی خەڵك كاری بۆ بكرێت؟

- پێشتر باسم كرد كە گۆرانی دەبێت چی بێت یان لای من چییە، تۆ بڕوانە مێژوو مێژووی ئەو هونەرەیە، كە بەڕاستی هونەر بووە. نەك هونەرە لۆكاڵییەكان یان ئەو هونەرانەی نەیانتوانییوە لە چوارچێوەی بیركردنەوەی هونەرمەندەكە دەربچن. ئەوكات دەزانیت لە هەموو مێژوودا هونەر رێگەنیشاندەری جەماوەر بووە، زۆرجار گۆرانییەك میللەتێكی راپەڕاندووە یان بە خەبەری هێناوەتەوە، واتە هەرگیز هونەری گۆرانی و هیچ هونەرێك ناكرێت دوای خواستی جەماوەرێك بكەوێت، كە نەزانێ چی دەوێت بۆنمونە جەماوەری هونەری ئەمرۆی كوردستان بەڵێ بەڕێزەوە دەكرێت، ئێمە حەزی ئەو جەماوەرەمان رەچاوبكەین كە لەمێژە داپلۆسین كپكردن و خامۆشكردنی حەزو ویستەكانی بەردەوامە، بەڵام هەرگیز ناكرێت خۆمان لەو بەرپرسیارەتییە بشارینەوە كە لە وەڵامی پێشوو باسمكرد، چونكە ئەو هەموو سەركوتكردنەی روی لە جەماوەری ئێمە كردووە بەدرێژایی مێژوو بێگومانم كاری لەسەر بیركردنەوەی زۆرینەمان كردووە ئەو پەروەردە سەقەتەش كە تا ئەمرۆ لەوڵاتەكەی من و تۆدا پەیڕەو دەكرێت و نەوەكانی لەسەر گۆش دەكرێت، دەبێتە بناغەیەك بۆ دروستبونی حەزێكی پوچ و ناكامڵ، ئەو كات چۆن دەكرێت كەسێك بەخۆی بڵێت هونەرمەند كە درێژەپێدەرو خزمەتكاری ئەو حەزە بێت كە لە ئەنجامی پەروەردەی سەقەت و لە ئەنجامی تێنەگشتنی دروست و نەخوێندنەوەی باش و ناكامڵ بونی تاكی ئێمە دروست بووە، ئاخر راستە واكراوە ئەگەر بۆ لە بیربردنەوەی خەمە دروستكراوەكانیش بێت زۆرینەی حەزی گەنجەكانی ئێمە بوبێتە عەشق و هونەرمەندانیش بۆ ئەو عەشقە گۆرانی دەڵێن،بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو عەشقەی لای گەنجانی ئێمە دروست بووە، چ عەشقێكە؟ ئایا ئەو عەشقەیە كە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەكات و جوانییەكان بۆ ژیان دەگێڕێتەوە؟ یان عەشقێكە بكوژی هەموو حەزو خولیا دروستەكانی مرۆڤە؟ یان عەشقێكە لە ئەنجامی تێنەگەشتن لەعەشق و لە فەراغی عەشق دروست بووە؟ بێگومان هەموو كەسێكی بەئاگا دەزانێت عەشق جوانییەكانی لەدەست داوە و خەریكە دەبێتە هۆیەكی سەرەكی بۆ قەڵاچۆكۆدنی كیژە تازە پێگەشتووەكانی وڵاتەكەم، بۆیە دەكرێت هونەرمەندانی ئێمە ئەوە بزانن گۆرانی وتن بۆ عەشقێك كە لەسەر ئەساسێكی پتەوو تێگەشتنیكی دروست بۆ عەشق دروست نەبووە، بەردەوامی دانە بەو تێنەگەشتنە بێگومان تێنەگەشتنی خودی هونەرمەندانیش وایكردووە چۆن عەشقێكی ناكامڵ دروست بووە لەنێو گەنجەكانی ئێمە ئاوا گۆرانی ناكامڵیش دروست ببێت و خۆیان هونەرەكەیان تەسلیم بە حەزی ئەو گەنجانە كردووە، كە تێگەشتنێكی دروستیان بۆ عەشق نییە، لەلایەكی تر هونەرمەندانی كورد دەبێت بزانن لەو كاتەدا ئەوان تەواوی ئەو لایەنەیان لەدەستداوە كە راستەوخۆ هونەرەكەیان فەڕزی دەكات لەسەریان، كە دەبێت كەسێكی بەئاگا بن چونكە ئەوەتا وڵاتەكەمان لە نێو یەك دنیا گێژاو دەخولێتەوە گۆرانییەكانیشمان لەدەوری ئەو عەشقەی كە باسمكرد دەسوڕێتەوە ئاخر من نازانم ئەوان گۆرانی بۆ كام عەشقە دەڵێن كە زەمینە سازییەكانی عەشق نەبینن من نازانم گەنجێك هەموو خەمی ببێتە دابنكردنی بژێوی ژیان و تەواوكردنی خوێندن و دواتریش دانەمەزاراندن و بێكاری بەرۆك بەژیانی بگرێت و ناچار بە نەفرەتكردنی لە نیشتیمان بكات و بەرەو تاراوگە هەڵى بفڕێنێت، چۆن دەتوانێ بیر لە عەشقێكی جدی بكاتەوە؟ چۆن لەنێو ئەو هەموو ئازارەدا ناخنكێ ؟ئەی ئەگەر ئێمە خۆمان لەقەرەی ئەو ئازارە گەورانە نەدەین، بەگۆرانییەكانمان چۆن دەتوانین بڵێن كارمان كردووە و هونەر دەكەین؟ ئێمە ئەگەر باسی مۆتەكەی كوشتنی جوانی نیشتیمان لەرۆحی گەنجەكانمان نەكەین ئەگەر باسی لەدەستدانی شوناسەكانی گەنج بونی گەنجەكانمان نەكەین و گۆرانیان بۆ نەڵێن و ئازارەكانیان نەلاوێنینە و باسی ئاهی ئەو دایكو باوكانەمان نەكەین، كە سەختییەكانی ژیانی وڵاتەكەمان رۆڵەكانیان بەرەو غوربەت لێدەفڕێنێت و باسی ئەو نەهامەتیانەش نەكەین، كە ئەو نازدارانەی دیك و باوكیان لەغوربەت روبەڕویان دەبێتەوە و بەپەیامێك رێگاچارەیەك باس نەكەین، ئایا دەتوانین بڵێن هونەرممان كردووە؟ بۆیە من پێم وایە ئەركی سەرشانی هونەرمەندە هەمیشە بیری جەماوەرەكەی بهێنێتەوە، كە عەشق بەبێ بونی نیشتیمان واتای نییە، عەشق بەبێ ماناكانی مرۆڤ بون و گەنج بوون وجودی نییە خۆ ئەگەر نەمانتوانی ئەو لایەنانە بەرباس بخەین و تەنها سەرقاڵی ئەو عەشقە موراهیقییە بین كە هەیە، ئەوە خۆشمان و هونەرەكەشمان موراهیقین، بۆیە من پێم وایە دەبێت ئێمە رێنشاندەربین بۆ بینینی ئازارەكان، بۆ بینینی جوانییەكانی نیشتیمان، سەركوتكردنەكانی ئینسان،بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرییەكان ئەگەر ئەوەش نەكەین،وەكو سەركردەو سیاسی و ئیدارییەكانی كورد چۆن هۆكارن بۆ كوشتنی واتاكانی نیشتیمان و گەنج بوون لەناخی گەنجەكانمان ئێمەش هونەرەكەمان كردۆتە مادە بێهۆشكەرەكان و لەئاست بیركردنەوە لەو لایەنەنانە دەرخواردیان دەدەین، مەستیان دەكەین بەگۆرانی و بە مۆسیقا كە ئەوەش تاوانە تاوان.

بێگومان ئێوە زۆر قسەتان لەسەر زەرورنەبونی هونەرێك كردووە، كە پەیامی نەبێت گۆرانی بێ پەیام لای تۆ چییە و چۆن باسی دەكەی؟

-وەك باسم كرد ئەگەر گۆرانی لەگەڵ ئەو واقیعەی ئەمرۆ هەیە ڕێی كردو شتێكی بۆ ئایندە تیا نەبوو وەك ڕێنیشاندەر ئەوە هونەرێكی بێ پەیامە، وەك یەكێك لە ماددە هۆشبەرەكان هۆیەكە بۆ لەبیر بردنەوەی ژیان و بەردەوام بونی ئینسان، هۆیەكە بۆ لەبیربردنەوەی نیشتیمان بۆ كوشتنی بیركردنەوەی گەنج لە ئاست ئەو هەموو ناعەدالەتییە و دەبێتە بەشێك لەسیاسەتی ئەوانەی كە ئەمرۆ هەموو جوانی سەروەرییەكانی مێژوی میللەتەكەمیان خستۆتە ژێر پێ و بازرگانی بەخوێنی شەهید و وڵاتیانەوە دەكەن، دەبێتە بەشێك لەسیاسەتی ئەوانەی كە بە گەندەڵی و ناعەدالەتی شۆڕش و مێژووی ئەم وڵاتەیان وا لەكەدار كردووە، زۆر كات تاكی هۆشیار پەشیمان بێت لە هەموو ئەوەی كراوە،چونكە ئەوكات هونەر دەبێتە ئەو سیاسەتەی ئەوانە پەیڕەوی دەكەن بۆ كوشتنی بیركردنەوەی گەنج و بڤە پێشاندانی ئازادی بیركردنەوە و دەربڕین ئەگەر وەكو شاعیرێكیش قسە بكەین ئەوە لای من گۆرانی بێ پەیام وەك گوڵێكی بێ بۆن وایە زۆر بەزویی لێی بێزار دەبیت و لە بیری دەكەیت بۆیە لای من وایە تەنانەت ئەو گۆرانیانەی شادیش دەبەخشن دەبێت پەیامێكیان پێبێت بۆ ئەوەی فێرمان بكەن چۆن شادییەكە بەردەوام بێت، چی بكەین بۆ ئەوەی لەدەستی نەدەین بەداخەوە گۆرانیبێژەكانی ئەمرۆی كورد سەرەوخوار لەشتەكان تێگەشتوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری یان بۆ خۆشاردنەوە لە راستییەكان و تەسلیم بون بە بێ ئاگایی.

ئەی لە هونەرەكەی خۆتان تاچەند بەدوای هەبونی پەیامەوە بون و بە چ ئامانجێك هونەرتان كردووە؟

- كە ئەوە تێگەشتنی من بوبێ كە باسمكرد، ئەبێ هەوڵی ئەوەشم دابێت پەیامێكم پێبێت بۆ جەماوەرەكەم، هەمیشە ویستومە لەڕێگەی گۆرانییەكانمەوە ئاڕاستەیەكی راست هەڵبژێرم بۆ دوا رۆژی نەتەوەكەم، ناشزانم هەتا چەند توانیومە ئەو بڕوای خۆم بپێكم، خۆ ئەگەر نەشم پێكابێت ئەوە دڵنیام لە بەرهەمەكان ئەو هەوڵە دەبینرێت بەو ئاراستەیەدا، ئەوەش هۆی ئەوە بووە كە پێم وایە ئەمرۆ پەیامێكی راست پێویستە بۆ میللەتەكەم چونكە بە بارودۆخێكی زۆر ناهەمواردا دەڕۆین و بڕواش ناكەم ئەو بارودۆخە ناخۆشە بەهەڵپەڕكێ چارەسەر بكرێت.

دەكرێت كەسێك تێگەشتنی پێویستی نەبێت بۆ هونەر و كاریگەری هونەر چونكە دەنگی خۆشە پێی بوترێت هونەرمەند؟

- لە ناو هەموو میللەتانی ئەم دنیاییە شتێك هەیە ناوی جیاكردنەوەیە، بەداخەوە لای ئێمە ئەو وشەیە بونی نییە، هونەرمەند جیاوازە لە گۆرانیبێژ،ناكرێت بەهەموو گۆرانیبێژێك بڵێی هونەرمەند،چونكە ئەوە زوڵمێكی گەورەیە لە هونەر دەكرێت كورد بەهەمووی ئەڵێت گۆرانیبێژ، ئایا دەكرێت كەسێك هەموو توانای خۆی و خەرجی خۆی و خێزانەكەشی خستبێتە خزمەتی هونەرێك تاكو ئەمرۆش زۆری ماوە خەڵك لێی تێبگا، بەو تموحەی هەم خزمەت بە جوانییەكانی ئێستای خەڵك و هەمیش پەیامێك بۆ ئایندەی ئەو خەڵكە پێشكەش بكات بوترێت هونەرمەند و بە شایەرو لۆتییەكانی ئەمرۆش بڵێی هونەرمەند منیش لە خوێنەر و لە خەڵك دەپرسم ئایا ئەوە رەوایە؟

هونەرمەندانی كورد پێیان وایە نابێت هونەرمەند خۆی لەقەرەی سیاسەت بدات لەكاتێكدا هونەرمەند كاریگەرترین تاكی كۆمەڵگەیە و كۆمەڵگەش سیاسەت تەحەكومی پێوە دەكات، دەكرێت هونەرمەند قسەی نەبێت لەسەر ئەو لایەنەی كە تەحەكوم بە كۆمەڵگەكەیەوە دەكات؟

- من بەردەوام بەو قسە نیگەرانم، كە هەندێك بەناو رۆشنبیریش بە تەعلیقەوە دەڵێن ئێمە كۆمەڵگەیەكمان هەیە منداڵ و جوان و گەورە هەموی باسی سیاسەت دەكات، بێ بیركردنەوە لەوەی كە هۆی چییە هەمومان بوین بەسیاسی؟ ئەی چۆن بەوە نیگەران نابم هونەرمەندی كورد خۆی لەو راستییە بشارێتەوە كە ئەویش پەیوەندی بەسیاسەتەوە هەیە؟ دەبێت قسەی هەبێت لەسەر سیاسەت و سیاسەتوانانی وڵاتەكەی، من لێرەدا وەكو خۆم قسە دەكەم، خۆشحاڵ دەبوین ئێمەش وڵاتێكمان هەبوایە مافی تاكەكانی كۆمەڵەكەم هەمووی دابین بكرایە، بۆ ئەوەی خۆمان تەنها تەرخان بكەین بۆ هونەر و بۆ پیشەكەی خۆمان و بەس، بەڵام بەدرێژایی مێژوو و تاكو ئەمرۆش دەسەڵاتێك لەوڵاتەكەی من بونی هەیە كە هەموو بوارەكانی ژیانی بەستۆتەوە بەسیاسەتەكەیەوە، ئەگەر خەڵك لەخزمەتی سیاسەتی ئەو دەسەڵاتە بوو خزمەت دەكرێت، خۆ ئەگەر بەپێچەوانەی ئەویشەوە بیر بكاتەوە قوڕدەكرێت بەسەریدا، ئێمە تاكو ئێستا لەوڵاتێكدا دەژین خاوەنی پیلان و سیستەمی بەڕێوەبردن نییە، تا هەركەس هاتە سەر كورسی دەسەڵات كاریگەری بەسەر ژیانی خەڵكەوە نەبێت و هەموو شتەكان لەسفرەوە دەست پێنەكەنەوە، لای ئێمە هەموو شت پەیوەندی بەسیاستەوە هەیە، دابینكردنی جێگا بۆ سەورزەفرۆش و عەرەبانە چییەكان، دۆزینەوەی كار بۆ بێكارەكان هاوكاری بۆ بەرهەمە هونەرییەكان چارەسەری ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەچارەسەری خێرایە، لەدەرەوەی ئەو وڵاتە هەمووی سیاسەت و سیاسەتوانەكان دەیكەن نەك پسپۆڕو ئیدارییەكان خۆ ئەگەر دەزگایەكی خاوەن پیلانیش دروستبكرێت، تا ئەوكاتە بونی هەیە كە حیزبی خاوەن سیاسەتی بەڕێوەبەری دەزگاكە یان وەزیری وەزارەتەكە ئەو پۆستەی بەدەستەوە دەبێت كەئەگەر بەدەست حیزبەكەوە نەما ئەو پیلان و هەموو شتەكانی دەپێچێتەوە، لەگەڵ خۆی دەیبات، وەك ئەوەی لەكاتی یەكگرتنەوەی حكومەتەكەمان هەندێ وەزارەت هەبون، نەك پیلانەكانیان لەبواری خۆیان برد تەنانەت ئەرشیف و بیناو كارمەندەكانی وەزارەتەكەشیان برد، بەهۆی ئەوەی كە حیزبی سیاسی وەزیرەكە ئەو پۆستەی دایە سیاسیەكانی بەرانبەری، دەی كەوایە هەموو پرۆگرام و پیلانەكانی ئەو وڵاتە پەیوەندی بەسیاسیەكانمانەوە بێت، ئەی جەماوەر و هونەرمەند چۆن پەیوەندیان بەسیاسەتەوە نییە، بۆیە من وادەزانم سیاسەت مادام بەبێ ئەوەی بمانەوێت حەیاتی هەموو تاكێكی ئێمەی كەوتۆتە دەست هەموو پیلانە عیلمی و ئیداری و كۆمەڵایەتی و هونەری و سەقافییەكانمان ئاوێزانی سیاسەت بووە، ناكرێ ئێمەش كە بەخۆمان دەڵێن هونەرمەند و خۆمان بەچینێكی كاریگەر دەزانین بێدەنگ بین لە ئاست هەڵە سیاسییەكان، لە ئاست قۆرغكردنەكان لە ئاست ئەو هەموو كێشەی نەزانی سیاسییەكانمان دەیخولقێنن، چونكە ئەمرۆ ئێمە بمانەوێت یان نا بەشێكین لە سیاسەتی میللەتەكەمان ناكرێت بێهەڵوێست بین، ناكرێت زمان و دەنگمان كڕ بكەین من ناتوانم هاوارەكانم كپ بكەمەوە لەئاست هەڵەی ئەو سیاسەتی مرۆڤ بونی لەوڵاتە بچوككردۆتەوە بۆ كۆیلەبونێكی قبوڵكراو، بۆ رۆبۆتبونێكی بێدەنگكرا و چونكە رقم لەخۆم دەبێتەوە، ڕێزم بۆ هونەرەكەم نامێنێت كە بەمیللەتەكەم نەڵێم ئەرێ كوا ئەو دەنگەی سەرەڕای هەموو زوڵم و زۆرو كوشتن و بڕین لەسەردەمی ژێردەستی لە بەردەركی سەرای سلێمانی و هەموو شارەكانی ترەوە تەختی پادشای دەهەژان و وەك دەڵێن ئەوە چ كلێكە دەرخواردتان دراوە، بۆ بێدەنگن لە ئاست ئەو هەموو بێ حورمەتییە بە پیرۆزییەكانتان ئەوكاتەش ڕێز لەهونەری هونەرمەندێك دەگرم، كە قسەی لەسەر دوا رۆژی نەتەوەكەی هەبێت، هەرگیز ڕێزم بۆ ئەو گۆرانی بێژو لۆتیانەش نییە كە بەمەستكردنی گەنجەوە ناوەستن و سفرەی شەوانی زوحاكەكان بە گۆرانی ئەرازێننەوە كە بەخوێنی میللەت دروست بووە.

خودی نەریمان بابان تاچەند ئاگای لەو سیاسەتە هەیە تەحەكوم بە كۆمەڵگەكەیەوە دەكات و تاچەند لە سیاسەتی سیاسییەكان رازییه چی ئایندەیەك لە ئەنجامی سیاسەتی ئەمرۆی كوردستان بۆ وڵاتەكەی دەبینێت‌؟

- من هونەرەكەم فەڕزی دەكات لەسەرم و بەزۆر رامدەكێشێت بۆ تێگەشتن لە سیاسەتی ئەمرۆی میللەتەكەم ئێستاش راستگۆبون لەگەڵ هونەرەكەم ناچار بەقسەكردنم دەكات من زۆر لە نزیكەوە ئاگاداری سیاسەتی ئەمرۆی وڵاتەكەمم لەڕێگای خوێندنەوە و ئەو نامە و پەیامانەی لە ناوەوەی وڵات پێم دەگات بەتایبەت لای گەنجانەوە لەڕێگای ئەو راپۆرتانەی لەسەر ئازادی و ڕێزگرتن لەمرڤ و لەدیموكراسی لەكوردستان كە لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە بە جیهانداو بە هەموو زمانەكان پەخش دەبێت، بەداخەوە من هەرگیز چاوەڕی ئەم رۆژەم نەدەكرد زۆر جار وا دەزانم خەوێكی ناخۆشەو خەبەرم دەبێتەوە بەڵام ئەمە راستییەكی تاڵە و سەلمێنراوە و هیچ پاساوێكی ناوێت سیاسەتی سیاسییەكانی ئەمرۆی وڵاتەكەم شكستی هێناوە شكستی بەخەونی شەهیدە سەربەرزەكان و شۆڕشگێڕە راستەقینەكان و ئایندەی میللەتە خێر لەخۆ نەدیوەكەم هێناوە و ئەمرۆش وەك هەموو جارەكانی تر بەداخەوە دیسان مێژوی خۆی دووبارە كردەوە كورد چۆن لەسەردەمی ئەمارەتەكان ئەوەیان كرد ئەمرۆش سیاسییەكانمان توانیان بیسەلمێنن كە ئەم میللەتە نە سیاسی هەیە و نە ئەتوانێت سیاسەت بكات بۆیەش من میللەتێكی بێ دوارۆژ دەبینم میللەتێك ئاوەروتكراوە لە هەموو مانایەكی ژیان.

ماوەیەكی زۆرە لەبابان و لەسلێمانی دوریت، پرسیار ئەوەیە ئەو دورییە تاچەند لە خەمەكانی خەڵكی ئەو شارەی دورخستویتەوە زۆریش راتگەیاندووە كە ناچیتەوە كوردستان بە ئاسانی ئایا ئەوەش خۆ دزینەوە نییە لە خەمەكانی خەڵكی وڵاتەكەت ؟

- من جەستەم لە غەریبیەو رۆحم لەكوردستانە دوری من لە وڵات هونەری زیاترم پێشكەش دەكات، جوانترین هۆنراوەكانی نالی كاتێك بووە كەدور بووە لەوڵات، من وڵاتەكەم خۆشدەوێ هەموو بستێكی بەهی خۆم دەزانم، من پڕ بەدەنگ هاوار دەكەم كوردم و خەڵكی كوردستانم من خەڵكی وڵاتێكم بەهرەكەی دزراوە، مەرەزەكانی وشك كراوە، لانەوازەكان دەمیان داخراوە، پیسكەی تەرپیرەكانیش رێگایان بۆ خۆش كراوە، پیاوە سمێڵ قیتەكانیش باڵی خامۆشییان بەسەر وڵاتەكەمدا، داوە زمانی راستییەكانیش بڕدراوە، هەموو كاتێكیش خەو بەوەبەوە دەبینم كە بگەڕێمەوە هەموو شەقامەكانی سلێمانییەكەم ماچ بكەم من بیری دەكەم و دەشزانم سلێمانی بیری ئێمە دەكات، من دەمەوێ بگەڕێمەوە هیوام وایە بتوانم لە ماوەیەكی نزیكدا بچمەوە بۆ كوردستان و چەند كۆنسێرتێك لەهەولێرو سلێمانی و كەركوك و شارەكانی تر ساز بكەم ئەوە خەونی منە و بەهیوام بتوانم لەنزیكەوە خەڵكی وڵاتەكەم ببینم و تێر لەباوەشیان بگرم.

http://www.kurdistanan.net

زياتز بخوينه‌وه‌

حاکم شۆڕش:لەناو یەكێتیدا خەڵك هەبوو لە مەكتەبی سیاسی لە كادری عەسكەری لە دێهاتەكانی كوردستان لە هەرگوندەك ئافرەتێكی هەبووە بۆ ڕابواردن

" گۆڕان حزب رابگه‌یه‌نێت مه‌رگی خۆی راگه‌یاندووه‌"‌

ڕێگا ڕه‌ئوف : گه‌نده‌ڵی گه‌شتۆته‌ رێکخراوه‌کانی ژنانی کورد له‌سوید بازرگانی به‌ قه‌زیه‌ی ژنه‌وه‌ ده‌که‌ن"

فه‌یرۆز خان:نه‌و‌شیروان مسته‌فا وتی رێگه‌ناده‌ین هیچ که‌س له‌و حزبانه‌ چه‌کی پێبێ له‌شاخ، ده‌بێ هه‌مویان گۆچانیان پێبێ


بابه‌ته‌که‌ بۆ هه‌ڤالێک بنێره بۆ هه‌ڵبژاده‌ بنێره کۆپیکردنێکی ساکار




http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=13260

تێبینیه‌کان