کورتەیەک لەژیانى شەهید مامۆستا دڵشاد (دڵشادى جیهاز) / زەواڵ حەمید



10-06-10
ژماره‌ی خوێنه‌ران 61
ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ
 شەهید ناوى تەواوى (سەفەر عەبدولکەریم مەحمود ئاغاى زەنگەنە یە ، ناسراوە بەدڵشاد . شەهید دڵشاد لەساڵى (1965) لەبنەماڵەیەکى هەژارو ناودارى شارى خورماتوو هاتۆتە دونیاوە . قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتاى وناوەندى و ئامادەیی لەشارى خورماتوو تەواوکردووە ، لەساڵەکانى 1983 - 1985   سەرپەرشتیارى شانەنهێنییەکانى ناوشارى خورماتوو بووە و لەهەمانکاتدا خوێندکارى کۆلێژى ئاداب بەشى زمانى عەرەبى بووە لەزانکۆى سەڵاحەدین لەشارى هەولێر. کاتێک خوێنکارى زانکۆى سەڵاحەدین دەبێت و لەهەمانکاتدا سەرپەرشتیارى شانەنهێنییەکان دەبێت ، لەلایەن رژێمەوە ئاشکرا دەبێت کە لەگەڵ چەندین گەنجى شارەکەدا کارى ڕێکخستن ئەنجامدەدەن دوواى ئاشکرابونى لە ساڵى 1985 زانکۆ بەجێ دەهێڵێت و رودەکاتە شاخ بۆدرێژەدان بەکارى خەباتى چەکدارى لە ناوچەکانى سەنگاو و قەرەداغ . پاشانیش لەهەمان ساڵدا لەلایەن رژێمەوە بڕیارى گرتنى دەردەچێت . بەڵام ئەوانەى کە لەگەڵ شەهید (دڵشاد)دا لە ساڵەکانى 1985 کارى ڕێکخستنیان دەکرد لەلایەن رژێمى بەعسەوە لەسێدارە دەدرین وەک (شەهید مرشید خورشی و شەهید سەباح مەحممەد و شەهید ئەبابەکر و شەهید عەباس) . بەڵام ئەو پێشتر هەڵدێت و لەدەستى ڕژێم ڕزگارى دەبێت و وردە وردە دەست دەکات بەکارەکانى خۆى . کاتێک کاک مەحمود سەنگاوى دەبێتە سەرپەرشتیارى تیپى 51 گەرمیان شەهید دڵشاد لەبەر زیرەکى خۆى و لێهاتوى دەکرێت بە سەرپەرشتیارى بەشى راگەیاند ، دواتر خولێک بۆ سەرپەرشتى جیهازەکانى گەرمیان و بەشى راگەیاندن دەکرێتەوە و بەشدار دەبێت لەو خولەدا . هەروەها لەسەردەمى ژیانى چەکداری و کاری جیهازەکانى لەگەڵ (بەڕێزان کاک فەرهاد سەنگاوى و کاک باست حەمە غەریب و  کاک بەختیار و کاک شوانى کەریم کابان) سەرجەم چالاکیەکانى پێشمەرگەى ئەکاتەو  شەهیدانى شۆرشى نوێى گەلەکەمان بەخەڵکى کوردستان رادەگەیاند ، هەر بۆیە لەوکاتەوە نازناوى (دڵشادى جیهاز)ى لێدەنرێت . لە کاتى دەست پێکردنى شاڵاوى ئەنفالدا لەسنورى گەرمیان دەبێت ، هەروەها لەساڵى 1988 لەسنورى ناوچەى گەرمیان دەگوێزرێتەوە بۆ مەڵبەندى (1) لەوێ دیسانەوە دەبێت بەسەر پەرشتیارى جیهازەکانى مەڵبەند . شەهید لە ساڵى 1991 دا و لەراپەرینەکە رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لەڕزگارکردنى شارو شارۆچکەکانى کوردستان ، شەهید لە ساڵى 1993 ژیانى هاوسەرگێرى پێک هێناوە .. پاشان لە ساڵى 1995 دەکرێت بە ئەندام مەڵبەندى کەرکوک ئەوکاتە بارەگاکەیان لە دەربەندیخان بوو ، هەروەها لە ساڵى 1996 و لە دواى هەڵبژاردنى مەڵبەندەکانى ى ن ک هەڤاڵ شەهید دڵشاد دەکرێت بە کارگێرى مەڵبەند تاوەکو پرۆسەى ئازادى عێراق و ڕزگارکردنى شارە دابراوەکانى کوردستان . شەهید دڵشاد بەدەر لە کارى سیاسى وەرزشوانێکى دێرینى شارى خورماتوو بووە لە تەمەنى لاوێتیدا ، هەر بۆیە لەدواى گەرانەوەى بۆ شارى خورماتوو شەهید دڵشاد لە ساڵى 2006 دا دەکرێ بە سەرۆکى شانازی یانەى وەرزشى دووز خورماتوو . دوواتر لەهەڵبژاردنى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانى کوردستان شەهید دەکرێت بە بەرپرسى کۆمیتەى پێشمەرگە دێرینەکانى هەردوو قەزاى خورماتوو و داقووق . پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەى لەساڵى 2007- 2008 دەگەرێتەوە سەرخوێندنەکەى لە زانکۆى کەرکوک کۆلێژى یاسا درێژە بەخوێندنەى دەدات ، هەروەها لە دواى دروستبونى مەڵبەندى 16ى ڕێکخستنى حەمرینەوە دەکرێت بە بەرپرسى بەشى پەیوەندییەکانى مەڵبەند ، دواپلەى شەهید مامۆستا دڵشاد بەرپرسى بەشى پەیوەندییەکانى مەڵبەند دەبێت تا ڕۆژى شەهیدکردنى ، کە دەکەوێت ئێوارەى سێ شەممەى 3/6/2008 وە . شەهید دڵشاد لە نێو باوەشى شارە دێرینەکەى خۆیدا بە دەستى چەند چەکدارێکى نەناسراو لەگەڵ کاک ناسیح موسادا لەکاتى گەرانەوەى بۆ سەر جێگاى حەوانەوەى خۆى لە مەڵبەند شەهید دەکرێت . شەهید دڵشاد کەسێکى رووخۆش و دەم بەپێکەنین بووە ، بەردەوام حەزى لەگاڵتەدەکرت ، لەکاتى بەرپرسیارێتى لە بەشى پەیوەندییەکانى مەڵبەند سەرنجى نەتەوەکانى دیکەشى بۆلاى خۆى و ریزەکانى نیو ى ن ک لە سنورەکە رادەکێشا . کەسێکى بەرچاوى شارى خورماتوو بوو . شەهید دڵشاد لە دوواى خۆى سێ منداڵى چاوگەشى بە ناوەکانى (لاڤە و لێزان و لەرێ)ى بەجێهێڵاوە . رەنگە بەم چەند دێرە خەباتى شەهید دڵشاد کۆتایی نەیات ، بەڵام من هەرئەوەندەم لەبەردەستدایەٍ.ٍ سڵاو لە گیانى شەهید دڵشاد و سەرجەم شەهیدانى کورد وکوردستان .
سەرچاوەکان:
فریاد زنکنە (فی الژکرى الپانیە على رحیل المناچل الکردی ..... دلشاد عبدالکریم)
گۆران فەتحی (چیرۆکى ڕۆژانى سەختى پێشمەرگایەتى)

http://www.kurdistanan.net


بابه‌ته‌که‌ بۆ هه‌ڤالێک بنێره بۆ هه‌ڵبژاده‌ بنێره کۆپیکردنێکی ساکار




http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=20979

تێبینیه‌کان 


ناو :
ئیمێل :
 
تێبینی: