وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویسرا بۆ چاودێری کوردۆساید: کرداری ئه‌نفاله‌کان به جینۆساید ناسێنراوه
12-07-10 ژماره‌ی خوێنه‌ران 23
پاش ئه‌وه‌ی به هه‌وڵ و کۆششی کۆمیته‌ی سویسرای چاودێری کوردۆساید / چاک له مانگی ئازاری ئه‌مساڵدا دۆسیه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالمان گه‌یانده په‌رله‌مانی سویسرا، دواتر له رێکه‌وتی 25 ی ئه‌و مانگه‌دا سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی سویسرا به نامه‌ی ره‌سمی وه‌ڵامی داواکارییه‌که‌ی ئێمه‌یان دایه‌وه، که لێکۆڵینه‌وه له به جینۆسایدناساندی ئه‌و کاره‌ساتانه ده‌که‌ن، ئه‌وه بوو نامه‌که‌شمان کاتی خۆی بڵاوکرده‌وه. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ریش نامه‌یه‌کی ترمان هاوپێچ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک سی دی و وێنه و دۆکیۆمێنتی نوسراو به زمانه زیندوه‌کان بۆ وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سویسرا خاتو (میشیلینه کالمی ره‌ی) نارد، که تێیدا داوامان کردبوو، به ره‌سمی پشگیریمان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه و کاره‌ساتی ئه‌نفاله‌کان به گه‌لکوژی (جینۆساید) بناسرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش داوامان له به‌رێزیان کرد، بۆ یارمه‌تی و پشگیری مافی گه‌لانی چه‌وساوه و که‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان. وه‌زاره‌تی ناوبراو له‌رێگه‌ی (مارسل شتوتز) راوێژکاری وه‌زاره‌ت و به‌رپرسی به‌شی سیاسی له وه‌زاره‌تی ناوبراو، له نامه‌یه‌کدا له رێکه‌وتی 6.7.2010 به ره‌سمی وه‌ڵامی داواکه‌مانیان دایه‌وه، که ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی به کوردی: بۆ چاودێری کوردۆساید زۆر سوپاستان ده‌که‌ین بۆ نامه‌که‌تان، که سه‌باره‌ت به ناسینی کۆمه‌ڵکوژی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک (جینۆساید) بۆ وه‌زیر (میشیلینه کالمیڕه‌ی)تان ناردبوو. ئێمه له‌سه‌روه‌ختی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه دا ئازاری 1988 راشکاوانه ناره‌زاییمان ده‌ربریت و داوای لێکۆڵینه‌وه و ڕونکردنه‌وه‌مان کرد. خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌نامه‌کان له‌سه‌ر کرداره‌کانی ئه‌نفال له میانه‌ی پرۆسه‌ی دادگایی‌کردنی سه‌رۆکی پێشوی عێراق سه‌ددام حوسێن، هه‌روه‌ها له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی دادگایی‌کردنی ئه‌م دواییه‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، بۆ لێکۆڵینه‌وه و رونکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنانه، هه‌نگاوێکی پۆزه‌تیڤانه بوو به‌م ئاراسته‌یه‌دا. سه‌باره‌ت به داواکارییه‌که‌تان بۆ به‌ره‌سمی پشتگیری‌کردن له‌و بابه‌ته، واده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به ده‌سته‌ڵاتی قه‌زاییه‌وه هه‌بێت، بۆیه وه‌زاره‌ت لێدوانێکی له‌سه‌ر نادات. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له به‌ره‌سمی ناسینی هه‌ر کاره‌ساتێکیش به جینۆساید، به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه، که لێپێچینه‌وه و دادگایی‌کردنی تاوانبارانی ئه‌نجام بدرێت. له‌م دۆسیه‌یه‌دا کرداری ئه‌نفاله‌کان له دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2010 دا وه‌ک جینۆساید ناسێنرا، تاوانکاره‌کانی به پێی یاسای تاوانه‌کان سزادران. وه‌زاره‌ته‌که‌مان (EDA ) له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، کاری خۆی بۆ په‌یوه‌ستبوون به مافه‌کانی گه‌لان و مافه‌کانی مرۆڤه‌وه ده‌کات، وه ئێمه به‌رێزتان دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه، که ئه‌م کاره‌مان، هه‌روه‌ک هه‌وڵی وه‌زاره‌ته‌که‌مان بۆ پاراستنی که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان چالاکانه به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌گه‌ل سڵاوی هاورێیانه‌دا مارسل شتوتز سه‌رۆکی به‌شی سیاسی، ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست چاودێری كوردۆساید-چاك کۆمیته‌ی سویسرا 11.7.2010www.kurdocide.org http://www.kurdistanan.net |
تێبینیه‌کان
