دایە ، باوە ، کێ خراوە ؟ *- ئەندازیار تە ها سۆڵەیى
14-07-10
ژمارهی خوێنهران 72
دایە ، باوە ، کێ خراوە ؟ *- ئەندازیار تە ها سۆڵەیى کورد دەڵێت ( لەهەر خەسارێک ، عەقڵێک ، وەلێ : ئێمە هەر خەساردەدەین و عەقڵیش وەرناگرین ...تاکەى ئێمە هەر لە سفرەوە دەستپێبکەین و سوودمەند نەبین لە ئەزموونى ئەوانى تر؟ غەریبى تازە هاتوو ، وا دەزانێت ئێمە تازە بە تازە حوکمڕانێتى ناوچەکە و سلێمانیمان گرتۆتە دەست ، کاتێک چەندین پرۆژەى بەجێماو دەبینێت ، ژمارەیەکى کەم تا زۆر لە فەرمانگەى کرێچی ، ئاگر کەوتنەوەى هۆنەزانراو ، کارەساتى دڵتەزێنى هاتووچۆ ، گەنمى بێنازى لەبەرگەرما هەڵڕژاو ، جادە و بانى وێران و پڕ لەتاسە و قیرى داڕزاو ..کارەباکەمان ئەڵێى لە ترافیک لایت بەستراوە ، کەس نازانێ کەر لەکوێ کەوتووە و کونە لە کوێ دڕاوە ؟ئاخر چۆن نەبینە مامە خەمە ، چەند ساڵە رێکخستنى جەزرەى ناوەڕاستمان لەلا خەمە ، بیرى قوڵمان هەڵکەند و چەند تەنکیى گەورەمان بۆ ئاودێریان بەست و رازانەوە ، بەدەیان کیلۆ مەتر بۆرى گەڵڤەنایز و پلاستیکمان راکێشاوە ، بۆ دەیان هەزاران مەتر چوارگۆشە چیمەن ، خۆڵى زۆرمان بێژایەوە ، دەیان هەزار کێربستۆنمان بە بۆیاخەوە سەریان نایەوە .. سەرەتا چیمەنى ئەمریکیمان هێنا ، وەشانمان ، روانمان ، ئاومان دا ، دوایى بۆمان دەرکەوت خراپمان بایاوە .. پاشان لەم چیمەنەى کە لاى خۆمان باوە ، دەیان هەزار پارچەمان هێنا و جارێکى تر فلیمەکەمان لەسەرەتاوە لێداوە .. ئاى دار و نەمامى بچووک و گەورە روان ، بە تەمابووین سلێمانى بکەینە دارستان، سەدان هەزار لیتر ئاومان هێنا بۆ ئاودێرى ، گرنگ ئیش نییە ، گرنگە عاقیبەت خێرى ، ئێ ئەمانەش هەمووى پارەیە پارە ، بەڵام چۆن پارەیەک ، چەندیش پارە ، بێ ژمارە ؟ هەر چاوەڕێمان کرد شەقامى مەلیک مەحموود سەوز ببێت ، گڕە و گەرما ، بێبارانى و وشکە سەرما ، دواکەوتنى کار و چاکسازیى و رێکخستنى تەواو نەبوو ، کاتێکمان زانى وتیان ، لەگەڵ رێزمان بۆ مەلیکى کوردستان ، لە کوردستاندا تەنها یەک شەقامت ماوە ، ئەویش تاریک و نووتەک ، هەر چۆن لەسەرەتاوە بنیاتنراوە ، ئاوا ماوە ..باشە کێ بەرپرسە لەم بەندوباوە ؟؟.. کۆمپانیایەکى لوبنان ، کەوتە تێکدان ، لابردنى هەرچى ئەوەى ئەم چەند ساڵە کردمان ، بووەوە بە خورى ریسەکەمان .. چونکە تازە پێمانزانیووە کە ئەم کەمەربەندییە گرنگەى ناو شارى سلێمانى کە بەناوى کەسایەتیەکى گەورەوە ناونراوە ، تاریکە و بێ رووناکى ، وا داماوە! .. ئایا ئەم چەندساڵە کێ سەرپەرشتى ئەم ئیشانەى کردووە ، کێ پلانى بۆ داناوە ، کێ بەدواداچوونى بۆ کردووە ؟وەزارەت و فەرمانگە و لایەنى پەیوەندیدار کێ بوون ؟ ئەوان بۆ نەیانکرد ؟ خۆ ئەم پرۆژەیە لە ناوچە جیناکۆکاندا نەبووە تا بڵێین ئەوان ناحەزمان بوون ، هەر زانیویانە ئێمە لە چنگیان دەریدەهێنین بۆیە خەمساردبوون و هەموو رەهەندەکانیان رەچاو نەکردووە ... ئەگەر ئەم باسەت دۆکیومێنت بکردایە ، پاشان پیشانى هەرکەسێکى ترت بدایە ، چى دەگووت ؟ جگە لە نەزانین و نە شارەزایى ، بێئەزموونى ، ئەمە ئەگەر نەڵێین گەندەڵى و خیانەتى نیشتمانى! .. لەسەردەمى ئینتەرنتێت و ئۆتۆکاد و کۆمپانیاى زەبەلاحى جیهانیدا ، لەسایەى نەوت و گومرک و داهاتى بێ ئەژماردا ، لە ژێر فەرمانڕەوایەتى کوردەوارى خۆماڵیدا ، ئەم خەمساردیانە بۆچى ؟ شەقامى مەلیک مەحمود زیاد لە بیست کیلۆمەتر درێژە ، تێکڕاى جەزرەى ناوەڕاستى نزیکەى پێنج مەترە ، ئەمە واتە زیاد لە چل هەزار مەتر درێژى کێربستۆن ، سەد هەزار مەتر چوارگۆشە چیمەن ، چل هەزار مەتر سێ جا خۆڵ و پەیین .. سەدان دار و نەمام کە هەریەکەیان لە چارەکە ملیۆن دینارێک کەمتر نەکڕراوە ، بە قیمەتى ملێۆنەها دۆلار کێبڵ لە جەزرەى ناوەڕاستەوە راکێشرراوە لە وێستگەى رزگارییەوە هەتا لاى ئەبو سەنا راخراوە ، ئەویش کەوتە بەرلووتى شۆفڵ و نووکى حەففارە .. داخەکەم بۆ ملیارەها دینار لەم پارە نازدارە ، تەخشان و پەخشان دەکرێت ، هەروەکو خەڵکى ئاوارە .. کێ دەبیستێ ، کێ دەخوێنێ ، کێ دەنووسێ ، داستانى بێ نازیى ئەم شارە ، ئاى لە خەمەکانى ئەم جارە ، چەند بە سوێ و بە ئازارە؟... *ئەم ناونیشانە لە کتێبێکى نووسەر ێدیق بۆرەکەییەوە وەرگیراوە ... shekh.taha @yahoo.com
http://www.kurdistanan.net |