رۆحی شەهیدانی 14ی تەمووز رۆحی یەکێتی و پێکەوە ژیانی گەلانە
14-07-10
ژمارهی خوێنهران 44
سەرەتا لەرۆژی 14ی تەمووز سەری رێزونەوازش لەبەرامبەر تەواوی شەهیدانی ئازادی دادەنوێنین، بەتایبەتیش لەبەرامبەر سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی بزوتنەوەی ئازادی کورد لەزیندانی ئامەد لەساڵی 1982، کەبەگیانی خۆیان سەلماندیان بەرخودان ژیانە و تەسلیمیەت مردنە. ئەو بەرخودانە شکۆدارە بووە بناخەیەکی پتەو بۆ شۆڕشێکی نوێ و سەردەمیانە. ئەو بەرخودانەی توانی زیندان بکاتە قوتابخانەی پێگەیاندنی کەسیەتی بەهێز بۆ پێشەنگایەتی کردنی بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی. هەر لەم رۆژەدا جارێکیتر شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958 بەسەرۆکایەتی کەسیەتی نیشتیمان پەروەر عەبدولکەریم قاسم لەرێگای ئەویشەوە رێزی خۆمان بەرامبەر تێکۆشەرانی دیموکراتی لەعێراق نیشاندەدەین بەبێ جیاوازی لەئاین و مەزهەب و نەتەوە. ئێمە باوەڕدەکەین ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ لەعێراق هاتۆتە پێش و زڵهێزەکان خۆیان کردۆتە خاوەنی، لەراستیدا بەرهەمی ئەو گۆڕانە مەزنەیە کەبەئیرادەی سەربەخۆی گەلانی عێراق بەدەستخرابوو. بۆیە دەبێ جارێکی تر بەگەلانی عێراق بڵێین کەئەمڕۆش دەتوانن بەتواناکانی 14ی تەمووز خزمەتێکی سەرتاپاگیر بۆ رۆلەکانیان بکەن و کێشەکانیان چارەسەربکە. تێکۆشانی گەلی کورد بەرۆحی هەموو ئەو بەرخودانانەی پێشکەشی کردوە ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستێک دەتوانێت بڵێت من هەم ئیتر ئەو کوردە کۆنە نیم کەبتوانن بەئاساسنی بمچەوسێنەوەو هەمیش ئیتر ژیانی ژیانی ژێردەستی قەبووڵ ناکەم، هەر لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ داگیرکەران و هێزە خێرنەخوازەکان چاویان بەهێزی ئازادی کورد هەڵنایەت و بەهەموو شێوەێک دەیانەوێت سووربن لەسەر داگیرکاری و دوژمنایەتی بەبێ ناسینی هیچ پێوانەیەکی مرۆڤایەتی. ئاشکرا بووە کەداگیرکەران تورکیا و ئێران و سوریا بەهاوبەشی لەگەلڕ زڵهێزە جیهانیەکان لەپیلانگیڕیەکی هاوبەشدان بۆ گەڕاندنەوەی گەلەکەمان بۆ خاڵی سفر. هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەرمان لەناوخۆی باکورو لەسنورەکانی باشوریشدا هەمان مەبەستیان هەیە ئەویش رەوا نەدیتنی ئازادیە بەگەلی کورد و پێداگریە لەسەر سیاسەتی توانەوەو نکۆڵی کاری سەد ساڵی رابردوو. دبێ ئەوە بزانینن هیچ کات و سەردەمێک کورد داخوازی شەڕو کوشتنی نەبووە، بەڵکو ناچاربووە هەبوونی خۆی بەپارێزێت، ئەمڕۆ دیسان رووبەڕووی هەمان رەوش بۆتەوە، دەبێ لەپێناو پاراستنی کەرامەتی خۆی بەرخوادنیەکی شایستە نیشان بدات. ئەو هێرش و سنوربەزاندنانەی ئەمڕۆ دەکرێتە سەر باشووری کوردستان تەنها لەبەر یەک بیانووە ئەویش لەلایەن کوردی ئازاد پەسند نەکردنی ژێردەستیە، لەبەرئەوە دەبێ بەقسەی دوژمنان هەڵنەخەڵەتێین و بەدڵشکاوی سەیری یەکتری نەکەین و ئەو دەرزە نەکەوێتە بەینمانەوە تاکو دوژمنان تیادا بێنە ژوورەوە، بۆیە هاتنە لایەکترو گردبوونەوەمان لەدەوری یەکتر دەتوانێت هەموو پیلانکانە پووچەلڕ کاتەوە. ئەمڕۆ لەهەر رۆژێک زیاتر رۆژی یەکبوونی کوردە لەبەرامبەر هێرشەکانی دەرەوە. ئەو بەرخودان تێکۆشانەی ئەمڕۆ لەمەیدانی خەباتدا دەبینرێت و رۆژانە هەواڵی شەهیدو برینداری تریان لێ دەبیستین، ئەوانە رۆلە قارەمان و بەئەمەکەکانی ئەو گەلەن بۆیە دەبێ خاوەنداریەتیان لێ بکرێت، ئەو بێدەنگیەی لەناو جەماوەری باشووردا هەیە دەبێ بشکێنرێت و چالاکی دیموکراتیانە پێشبخرێن و خاوانداریەتی لە رۆلەکانمان بکەین کە بەرۆحی بەرخودانڤانانی 14ی تەمووز لەسەنگەری بەرگریدان. جارێکی تر لە بیرەوەری هەموو شەهید و تێکۆشەرانی 14ی تەمووزدا، دەبێ رۆحی ئازادی و پێکەوە ژیانکردنی گەلان پێشبخەین و ژیانێکی ئازادو بەشەرەف بکەینە پێوانە بۆ گەلەکەمان. لەکۆتایدا دەڵێین: مردن و سەرشۆڕی بۆ پیلانگێڕان و داگیرکەرانی سەر کوردستان بژی بەرخودانی ئازادی گەلی کورد دەستەی کارگێڕی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان 14 ــ 7 ــ 2010
http://www.kurdistanan.net |