بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، نا بۆ وابەستەیی و خۆبەکەمزانی
14-07-10
ژمارهی خوێنهران 341
رابەر رەشید- کەرکوک کوردستان وەکو نیشتیمانێکى داگیرودابەشکراو، کوردیش وەکو نەتەوەیەکى ژێردەستەى تورک و فارس و عەرەب، بە درێژایی مێژووى داگیرکاریانەى نیشتیمان و گەلی کوردستان لەلایەن ئەو نەتەوانەوە، پلانڕێژی بۆ داهێزراندنى کەسایەتى نەتەوایەتییانەی تاکى کورد، وەکو نەتەوەیەکى گەورەی رۆژهەڵاتی ناوین کراوەو زۆربەی هەرەزۆری راپەڕین و شۆڕشە چەکدارییەکانیشی هەر لەو چوارچێوەیەدا خولیان خواردۆتەوەو رێبەرانیان، زاخی بەرزکردنەوەى دروشمى سەربەخۆیی کوردستانیان نەکردووە، تەنها پارتى کرێکارانی کوردستان نەبێ، کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەماى سەربەخۆیی کوردستان، بەرنامەڕێژیی بۆ سیاسەتی فکریی کادیرو ئەندامەکانى کردووە، کەچی ئەویش لەژێر چەندان فشاری جۆراوجۆری ناوخۆو دەرەکی، پاشەکشەیان لەو دروشمە کردو لە ئێستادا دروشمی دیکەیان هەڵبژاردووە –کە ئێرە جێگاى شرۆڤەکردنیان نییە-. داکۆکیکردن لە دروشمی سەربەخۆیی، چۆن بۆ نەتەوە سەردەستەکان ئاسایی و رەوایە، بۆ نەتەوەی کوردیش بەهەمان شێوە، لێ وەکو پێشتر ئاماژەمان پێیدا، ئەو مێژووە داگیرکاری و داهێزراندنەى کەسایەتیی تاکى کورد لەلایەن داگیرکەرانییەوە لەلایەک و وابەستەیی سەرانى ئەو شۆڕش و راپەڕینانە بە یەکێک لە رژێمە داگیرکەرەکانى کوردستانەوە لەلایەکیترەوە، ئاسۆى بیرکردنەوەو بەرنامەڕێژی بۆ راپەڕین و شۆڕشەکان، بەرتەسکتر کردۆتەوەو ناچاری کردوون کە داواکارییەکانیان جوغزى ئەو وڵاتە داگیرکەرانە نەبەزێنێت. تێکڕاى شۆڕش و راپەڕینەکانیش شاهێدحاڵى ئەم راستییانەن. ((من بۆ خۆم وەکو پێشمەرگەیەک و تاکێکى کوردى لە باشوورى کوردستان، لە ناوەڕاستى هەشتاکان بەدواوەو هەر لەسەردەمى شۆڕشی شاخدا باجی ئەو دروشمى (سەربەخۆییەى کوردستان)م داوەو هۆکارێکى کاریگەریش بووە بۆ دابڕانم لەو حزبەى کە دواى ئێمە دروشمى سەربەخۆیی بۆ کوردستانى، ئەگەر وەکو دروشمیش بووبێ هەڵگرتووە. ماڵیان ئاوابێ!!)). ئێستا کە چەند گروپ و لایەن و کەسایەتییەک، بانگەوازی هەفتەی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، پێویستە تێکڕاى لایەن و کەسایەتی و گرووپە سەربەخۆخوازەکان بەوپەڕی بوێرییەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم بانگەوازە نەتەوەییە رابگەیەنن و بەچاوى سووک و جۆرێک لە خەیاڵ پڵاوی سەرنجى نەدەنێ، کورد وتەنی: (کردە پەشیمان بە، نەک نەکردنە پەشیمان). راستە دەسەڵاتدارانى کورد لە باشوورى کوردستان و زۆرێک لە حزب و لایەنە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتء باشوورى رۆژئاواى کوردستان، زۆر بە هەستیاری و ترسێکى واقعیانەو لۆژیکیانەوە مامەڵە لەگەلڕ بەرزکردنەوەى ئەم دروشمەدا دەکەن، مەبەست لە واقعیانەو لۆژیکیانە ئەوەیە کە مادام ئەوان بەدیدێکى وابەستەیی و باوەڕ بەخۆنەبوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن، کەواتە ئەستەمە بۆ ئەوان دروشمى سەربەخۆیی کوردستان بەرزبکەنەوە، چونکە بەبۆچوونى ئەوان ئەوە نەک جۆرێکە لە مەحاڵ، بەڵکو لە مەحاڵیش مەحاڵترە، هەروەکو تاڵەبانى وتەنى: (ئەوە خەونێکى شاعیرانەیە).جا خۆ ئەگەر خەونێکى شاعیرانەش بێ، بە پشتگیریکردنی ئەو بانگەوازە، زۆرێک لە تاکە حزبی و بێباوەڕو ورە داتەپیوەکان بەرامبەر داگیرکەرانى کوردستانی پێ وریاو هوشیار دەکرێتەوەو باڵانسی گیانی نەتەوایەتییان ئەگەر بە ملیمەتریش بەرزتر بکرێتەوە، ئەوە سوودى لە زیانى زیاترەو داگیرکەرانی کوردستانیش ترس و دڵەڕاوکێیان لەناخدا زیاتر چەکەرە دەکات و ئەوانیش زیاتر ترسی گەشەسەندنى گیانى نەتەوایەتی لاى هەر تاکێکى کورد بە مەترسی دەزانن و سەرانى سیاسیی کوردیش ترسێک لەو گەشەسەندنى گیانى نەتەوایەتییە لایان دەبێتە ئەمری واقیع. بۆیە پێویستەو دەبێ، هەر کەس و لایەن و گرووپێک لەلایەن خۆیەوە لەو هەوڵەیدا بەردەوام بێت و چ بە نووسین و بەیاننامەو گفتوگۆو سیمینارو کۆنفراس بێت، بەشداریی ئەم هەڵمەتە نەتەوایەتییە پیرۆزە بکەن، بەمەش گیانێکى نەتەوایەتییانەى سەربەخۆخوازانە، جێگەى گیانى تەسکى حزبایەتی دەگرێتەوەو هەرنا هەنگاوێک دەچینەپێش و جورئەتێک بۆ ئاییندەى نەتەوایەتیمان لاى نەوەکانى داهاتوومان دەچێنین. (بڕینى میلێکیش، بە هەنگاوێک دەست پێدەکات، وەک (ماو) وتەنی. 13/7/2010
http://www.kurdistanan.net |