ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌نگ به کێ بده‌ن / فازڵ قه‌ره‌داغی
14-07-10
ژماره‌ی خوێنه‌ران 32
شتێکی زانراوه که هه‌موو حزبێک پێویستی به نوێبوونه‌وه هه‌یه، زه‌ڕووره‌تی نوێبوونه‌وه‌ش بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان، که سه‌رده‌می گۆڕانکاریی گه‌وره‌و خێرایه‌و به‌شێکی جیهان هه‌نگاوی گه‌وره گه‌وره به‌ره‌و پێش ده‌نێت‌و به‌شه زۆره‌که‌ی تری به‌جێ ده‌مێنێت، ده‌گاته ڕاده‌ی بڕیار له‌سه‌ر دواڕۆژی حزب، هیچ مه‌نتقیشی تێدا نییه بیری ئه‌ندامانی خواره‌وه‌ی حزبه‌کان ته‌نها بۆ ئه‌ندامانی ته‌قلیدیی ناو سه‌رکردایه‌تی بچێت که له‌وه ناچێت بتوانن له‌و ئاسته‌ی خۆیان زیاتر به‌ره‌و پێش بچن. هه‌ندێک له‌و سه‌رکردایه‌تییه ته‌قلیدییانه ده‌قیان به بیرکردنه‌وه‌و شێوازه کارێکی دیارکراوه‌وه گرتووه‌و هیوای پێشکه‌وتنیان نییه. هه‌بوونی که‌سانێکی شیاویش له ناو ژماره‌یه‌کی زۆرتری نه‌شیاو هیچ له وه‌زع ناگۆڕێت، یان که‌م ده‌یگۆڕێت، که‌میش بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه واته هیچ. ئه‌م عه‌یبه حزبییه‌ش تایبه‌ت نییه به‌م حزب یان به‌و حزب به‌ڵکو دیارده‌یه‌کی بڵاوه بۆیه پێویست ناکات، شه‌رمیشه، که‌س گاڵته به که‌س بکات یان موزایه‌ده‌ی به‌سه‌ره‌وه بکات، پێویستیش ناکات که‌س ئه‌م نووسینه‌م بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی خۆی یان هی حزبه‌که‌ی به‌کاربهێنێت، چونکه عه‌یبیشه‌و که‌م حیکمه‌تیشه. من حه‌زم کرد به‌ر له کۆنگره‌و ده‌نگدان‌و له‌ناو چه‌ندین پێشنیاری پێویست ته‌نها دوو بۆچوون بۆ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی پێشکه‌ش بکه‌م: یه‌که‌م: پێویسته سه‌رکردایه‌تیی نوێ له‌ڕووی جۆرییه‌وه بگۆڕێت، که‌سانێکی لاو بێنه پێشه‌وه، به‌ڵام ئاگادار بین هه‌موو لاوێک گونجاو نییه، پێویسته ئه‌و که‌سانه بن که ده‌توانن عه‌قڵیه‌تی حزب نوێ بکه‌نه‌وه. له‌ناو پاڵێوراوانیش که‌سانێک هه‌ن که‌سانی ته‌قلیدین که پێویسته کاری تریان پێ بسپێردرێت جگه له کاری بڕیاردان، ئه‌وانه ده‌توانن خزمه‌ت بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی بن، کاتیشی هاتووه به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه پێیان بوترێت خودا پاداشتتان بداته‌وه تا ئێره به‌سه. که‌سانێکی چالاکیش هه‌ن، که‌سانێکی ڕۆشنبیر هه‌ن، به‌تایبه‌تیش له ڕاگه‌یاندن‌و قوتابیان، که هیوای ئه‌وه‌یان تێدایه کۆمه‌ڵ له‌و چه‌ند ساڵه‌ی داهاتوودا بگه‌یه‌ننه قۆناغێک‌و ئاستێکی تر. وه‌ک وتیشم هه‌موو لاوێک گونجاو نییه، هه‌روه‌ها هه‌موو ڕۆشنبیرێکیش گونجاو نییه چونکه ڕۆشنبیرمان بینیوه له بواری خۆیدا باشه به‌ڵام که‌سێکی زیاتر نه‌زه‌رییه‌و ده‌توانێت ته‌نها ته‌رحی نه‌زه‌ری بدات. با کۆنگره‌ی 2005 دووباره نه‌که‌ینه‌وه. له‌و کۆنگره‌یه‌دا که ناوی پاڵێوراوانی سه‌رکردایه‌تیم بینی دڵخۆش نه‌بووم چونکه ته‌نها به‌شێکی ناوه‌کان جێگه‌ی ئومێد بوون که سه‌رکردایه‌تی بکه‌ن به جه‌سته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مدا گونجاو بێت، بۆیه به یه‌کێکم له پاڵێوراوان وت، که که‌سێکی ڕۆشنبیر‌و خاوه‌ن ئه‌زموون بوو له کاری حزبی، که هه‌قه ئه‌م کۆنگره‌یه ناو بنێین ((کۆچ به‌ره‌و گوند)). ئه‌مه‌ش حاڵی هه‌موو حزبه‌کانی کوردستانه، نیازیانه کۆچ به‌ره‌و گوند بکه‌ن له‌کاتێکدا ده‌مێکه گوندنشینه‌کان به‌ره‌و شار هاتوون. هیوادارم ئه‌م کۆنگره‌یه به‌رده‌وامبوونی ئه‌و کۆچه نه‌بێت‌و چاوی ئه‌ندامانی کۆنگره ته‌نها ناوه کۆنه‌کان نه‌بینێت، ده‌نگیش نه‌ده‌ن بۆ سه‌رکردایه‌تییه‌کی نوێ له‌هه‌مان جۆر. بێگومان هه‌روه‌ها خۆشیان له هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر بپارێزن وه‌ک پێشخستنی ناوچه‌گه‌ری‌و خزمایه‌تی له‌سه‌ر حسابی لێهاتوویی چونکه ئه‌میان خیانه‌ته له ئه‌مانه‌ت‌و ئه‌وه به‌ئاسانی لای خودا تێناپه‌ڕێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاگاشم له پاڵێوراوانی شوێنه‌کانی غه‌یری سلێمانی نییه، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئیعتباری تر، ناتوانم ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی سنووری سلێمانی بڵێم که به شیاویان ده‌زانم‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که ئه‌وانه که‌سانی چالاکی ناو ڕاگه‌یاندن‌و قوتابیانن، هه‌ندێکیشیان له شوێنی تر کار ده‌که‌ن. خۆم له کۆنفراسی سلێمانیدا ئاماده بووم‌و به‌بڕوای خۆم ده‌نگم بۆ ئه‌و که‌سانه دا که ئه‌و مواسه‌فاته‌یان تێدایه که باسم کردن. (وه‌ڵامێکیش بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی حه‌زیان نه‌کرد که کشامه‌وه: له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک له خۆپاڵاوتن کشامه‌وه که یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه ئازادیم پێ خۆشتره له به‌رپرسیارێتی). هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانم بۆ کۆنگره ده‌نگ به ئافره‌تیش بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری ئافره‌تان له سه‌رکردایه‌تی هه‌بێت تا کێشه‌کانیان بگه‌یینه سه‌ره‌وه. دووه‌م: داواکارم له ئه‌ندامانی کۆنگره قبووڵی نه‌که‌ن نه سه‌رکردایه‌تیی نوێ‌و نه مه‌کته‌بی سیاسیی نوێ‌و به‌هێچ پاساوێکه‌وه که‌س بهێننه ناو سه‌رکردایه‌تی چونکه ئه‌ندامانی کۆنگره ده‌نگ به‌و ژماره که‌سانه ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ببنه سه‌رکردایه‌تی‌و ده‌نگیان پێ ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رموو له که‌سانی تر بکه‌ن. با شتێکی وا ئه‌گه‌ر کرا ببێته مافی ئه‌ندامانی کۆنگره، یان به‌لای که‌مه‌وه ئه‌نجوومه‌نێکی گه‌وره‌تر‌و فراوانتر له سه‌رکردایه‌تی، به‌ڵام نه‌کرێت باشتره‌و با ئه‌و که‌سانه، با که‌سایه‌تیی گه‌وره‌ش بن له ده‌ره‌وه‌ی حزب، چاوه‌ڕێی کۆنگره‌ی داهاتوو بن تا بزانرێت ئه‌ندامان ده‌نگیان پێ ده‌ده‌ن یان نا، ژیانی حزبایه‌تیش به ساڵ‌و دوو ساڵ کۆتایی پێ نایه‌ت. له‌ده‌ستدانی که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ش زۆر باشتره له کاڵکردنه‌وه‌ی بنه‌مای ده‌نگدان، ئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی که‌سایه‌تیی گه‌وره بن نه‌ک ته‌نها ناو. که‌سایه‌تیی گه‌وره دێن‌و ده‌ڕۆن‌و ده‌مرن به‌ڵام مافی ده‌نگدان‌و هه‌ستی به‌رپرسیارێتی پێویسته بمێنن‌و زیندوو بن. یه‌ک ئیستیسناش بکرێت ئه‌ویش سه‌رخستنی به‌لای که‌مه‌وه یه‌ک ئافره‌ت بۆ سه‌رکردایه‌تی، ئه‌گه‌ر هیچ ئافره‌تێک ده‌رنه‌چوو و با ئه‌و ئافره‌ته بێت که زۆرترین ده‌نگی هێناوه. ئه‌و ته‌فویزه‌ش که به سه‌رکردایه‌تی یان مه‌کته‌بی سیاسی ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌کانی سه‌رکردایه‌تی زیاد بکه‌ن جێگه‌ی مه‌ترسییه چونکه بۆی هه‌یه له دواڕۆژدا خراپ به‌کار بهێنرێت، هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه کێشه دروست بکات ئه‌گه‌ر فه‌رموو له که‌سانێک کرا که له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامه‌وه جێگه‌ی قبووڵ نین. با ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش که له‌پێش کۆنگره کرا دووباره نه‌بێته‌وه چونکه به‌پێی بڕیارێکی سه‌یره‌وه سێ یه‌کی ئه‌ندامانی کۆنگره له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسییه‌وه، یان سه‌رکردایه‌تی.. فه‌رقی نییه، ده‌ستنیشان ده‌کرێت، له کۆنفراسی سلێمانیشدا قسه‌م کرد‌و وتم چ مه‌عنایه‌کی تێدایه مه‌کته‌بی سیاسی که خۆی ماوه‌یه‌کی که‌می تر به ڕه‌حمه‌تی ده‌نگدان ده‌که‌وێت‌و له‌وانه‌یه ئه‌ندامه‌کانی ده‌رنه‌چن بڕیار بدات سێ یه‌کی ئه‌ندامانی کۆنگره، واته سێ یه‌کی ئه‌وانه‌ی ده‌نگ بۆ سه‌رکردایه‌تی ده‌ده‌ن، ده‌ستنیشان بکات. وتیشم گومانی خراپمان له نیه‌تی مه‌کته‌بی سیاسی نییه به‌ڵام بۆی هه‌یه سبه‌ی ئه‌مه خراپ به‌کار بهێنرێت. له‌ڕاستیشدا ئه‌و سێ یه‌که خۆیان به قه‌رزاری مه‌کته‌بی سیاسی ده‌زانن بۆیه وه‌ک قه‌رزدانه‌وه ده‌نگ بۆ سه‌رکردایه‌تیی کۆن ده‌ده‌ن بێ گوێدانه لێهاتوویی (ده‌شڵێم ئه‌وه بکه‌ن دیسان خیانه‌ته له ئه‌مانه‌ت).. مافی هه‌موو که‌سێکیشه بڵێت بۆنێکی ناخۆش له‌و بڕیاره ده‌که‌م به‌ڵام با دیسان بڵێم گومانی خراپ نه‌که‌ین.. به‌لای که‌مه‌وه ته‌نها ئه‌مجاره (بۆچی؟ نازانم! ڕه‌نگه ناسینی شه‌خسیی مه‌کته‌بی سیاسی‌و سه‌رکردایه‌تی بێت)، خۆ ئه‌گه‌ر ویستمان هه‌موو ده‌رگاکانی بۆنی ناخۆش دابخه‌ین‌و نه‌هێڵین که‌س گومان بکات پێویسته ئه‌و سێ یه‌که ده‌نگ نه‌ده‌ن‌و ته‌نها له موناقه‌شه‌ی شته‌کاندا به‌شدار بن، ئه‌گه‌ر خۆشیان داوای ئه‌وه بکه‌ن بۆ حزب باشتره‌و بۆ خۆیان سه‌روه‌رییه. حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ش به ئه‌ندامانی کۆنگره‌و هه‌موو ئه‌ندامانی هه‌موو حزبه‌کانی کوردستان بڵێم که پێویسته هه‌ر خۆیان نه‌ریتی ده‌نگدان، به‌پێی موستحه‌قی نه‌ک به ته‌زکیه، بچه‌سپێنن‌و نه‌هێڵن که‌س ئه‌و مافه‌یان که‌م بکاته‌وه. دیکتاتۆریه‌ت‌و خۆسه‌پاندن‌و له‌وه به‌دوا زۆربوونی مه‌راییکه‌ر‌و خۆبه‌ره‌پێش‌و هاوڕێی جاده قیر له‌لایه‌ک‌و ئه‌ندامی عاجزبوو و هه‌ڵاتوو له‌لایه‌کی تر له‌و جۆره هه‌نگاوانه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن. که‌واته جارێکی تر ئه‌گه‌ر گومانی خراپیشمان به که‌س نه‌بێت مافی خۆمانه، به‌ڵکو ئه‌رکی خۆشمانه، رێگه به مه‌ترسییه‌کان نه‌ده‌ین ببنه واقع. ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌م نووسی چونکه پێویسته له‌م کاته‌دا بنووسرێت به‌هیواشم بابه‌تی تر له‌سه‌ر سه‌رجه‌م کار‌و پرۆژه‌ی ئیسلامی بنووسم. له‌گه‌ڵ هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان ده‌بێته مایه‌ی نوێبوونه‌وه‌و به‌ره‌وپێش چوون. له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ) ژماره 1262 له 14/7/2010، لاپه‌ڕه 11 بڵاوبۆته‌وه
http://www.kurdistanan.net |